وێبلاگی کاتی سایتی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ

وێبلاگی کاتی سایتی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ

Sunday, May 24, 2015

هەپەگە: "پێشمەرگەیەک شەهید بووە یەکێکیش بریندار بووە"


NNSROJ: باسکی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکدا تێکهەڵچوونی نێوان گەریلاکانی و پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێ، لە شەڕێکی چوار خولەکیدا پێشمەرگەیەک شەهید بووە و پێشمەرگەیەکیش بریندار بووە کە ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی پەکەکەدا تیمار دەکرێ.

پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زیاتر لە سێ حەوتوو لەمەوپێش، بە مەبەستی تێپەڕین بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو کە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە شوێنی حەوانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە.

بەگوێرەی سایتی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە "بە مەبەستی چالاکیی حیزبی لە نێوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوور جێگیر بوون" و هێندێک مێدیای سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق وایان بڵاوکردەوە کە ئەو پێشمەرگانە "لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە گەمارۆ دراون".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، ڕەتی کردبۆوە کە پێشمەرگەکانیان گەمارۆدرابن. بەو حاڵەش، بەگوێرەی لێدوانی هەردوو لایەنی ئەم ئاڵۆزییە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێکدادانێکی کورت لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و پێشمەرگەکانی حدکادا هاتووەتە ئاراوە کە تێیدا پێشمەرگەیەک گیانی لە دەستداوە و یەکێکیش بریندار بووە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە لێدوانێکدا کە لە سایتی ڕەسمیی حیزبەکەدا بڵاوی کردۆتەوە، ئەو تێکهەڵچوونەی نێوان پێشمەرگە و گەریلا بە "هێرشکردن بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" وەسف دەکا و  بە "خیانەت"یش بەناوی دەکا.

هاوکات "ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل" لە لێدوانێکدا کە لە سایتەکانی سەر بە پارتی کرێکاراندا بڵاوکراوتەوە، باس لە تێکهەڵچوونێکی کورتخایەن دەکات کە وەک ئەوان دەڵێن "لە پێناو لەداو نەکەوتن"ی هێزەکانیاندا کردوویانە.

بەگوێرەی گێڕانەوەی چاپەمەنیی هەپەگە، تیمێکی پێکهاتوو لە ٦٠ بۆ ٧٠ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، سەرلەئێوارەی دوێنێ [شەممە ٢٣ی مای] لە ناوچەی دیانای باشوری کوردستانەوە هاتوونە ناوچەکە و لەلای ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی حیزبی دێموکرات نیشتەجێ بوون کە سێ حەوتوو بەر لە ئێستا هاتبوونە شوێنەکە.

وەک هەپەگە دەڵێ، شەوی ڕابردوو دوو تیمی بچووکی گەریلاکانیان بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخەکە و زانیاری وەرگرتن سەبارەت بەو تیمە تازەیەی حیزبی دێموکرات سەردانی بنکەکەی ئەو حیزبەیان کردووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا گرووپێک پێشمەرگە دوایان کەوتوون و "وێدەچوو بیانەوێ گەریلاکانمان لەداو بخەن و ئەوانیش بە ئاماجی وشیارکردنەوە تەقەی هەواییان کردووە."

هەپەگە ڕوونیشی کردۆتەوە کە لە ئەنجامدا "پێکدادانێکی ٣ تا ٤ خولەکی هاتووەتە ئاراوە کە تێیدا پێشمەرگەیەک شەهید بووە و یەکێکیش بریندار بووە ... کە بە مەبەستی تیمارکردن بۆ نەخۆشخانەیەکمان گواستراوەتەوە و پێشمەرگەکانی دیکەش کشاونەتەوە" شوێنەکانی خۆیان.

باڵی سەربازیی پەکەکە لە لێدوانەکەیدا ڕوونیشی کردۆتەوە کە بە "دەستپێشخەریی خێرا"ی فەرماندەیی هێزەکانیان لەو ناوچەیە، شەڕەکە کۆتایی پێهاتووە و "بۆ چارەسەریی ئەو کێشە بە دیالۆگ و بە شێوەیەکی ئاشتیانە، چاوپێکەوتنەکانمان درێژەیان دەبێ".

هەپەگە هەر لەو پێوەندییەدا باس لە شەڕی مێدیایی "هەندێ دەزگای ڕاگەیاندن" دەکا کە ئەو بە بە "پیلانی لەپێشدا داڕێژراو" وەسفی دەکا و دەڵێ "ڕووداوەکە هەڵدەخڕێنن و وای نیشان دەدەن کە شەڕێکی گەورە ڕوویداوە و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک نیازپاکیی تێدا نییە".

هاوکات پارلەمانی هەرێمی کوردستانیش لە لێدوانێکی نووسراودا وێڕای ئیدانە کردنی "ئەم ڕووداوانە" نووسیویەتی: " لە کاتێکدا گه‌لى کوردستان رووبەڕووی مەترسیی تیرۆر و گرژیی ناوچەیی دەبێتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە سەروبەندی گۆڕانکاریی گەورەدایە، نەوەکانی یەک نەتەوە دەست بدەنە چەک دژی یەکتری بە تاوانێکی نەتەوەیی ئەژمار دەکرێت، ئەمجۆرە دووبەرەکییانە هەڵدانەوەی تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی کوردستانە و گەلی کوردستان دووبارەبوونەوەی قبوڵ ناکات".

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەوان "نە دەسپێکەری شەڕ بووین و نە خوازیاری درێژەی کێشانی ئەو ناخۆشی و شەڕەین و داواکارین کە رێبەرایەتیی pkk  پەنا بباتە بەر مەنتق و لۆژیکی سیاسی و نەتەوەیی و دەست لەو رێگا هەڵەیە گرتوویەتی بەر، هەڵگرێ‌."

هەپەگە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئێمە لایەنگری پێکدادان و هێرشکردن نین" و سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیەی حیزبی دێموکراتیش خەمباریی خۆی دێنێتە زمان. ئەوەش دەستنیشان دەکا کە ئەوان ئاسانکاری بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەک دەکەن بۆ ڕوونبوونەوەی ئەو ڕووداوە.

No comments:

Post a Comment