وێبلاگی کاتی سایتی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ

وێبلاگی کاتی سایتی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ

Sunday, May 24, 2015

ڕۆستەم جەهانگیری: پێشمەرگەکانمان گەمارۆ نەدراون و شەڕی ناوخۆییش خەتی سوورە

 ئامادەکار: کەریم مەرەسەنە

  :NNSROJ ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆستەم جەهانگیری، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ باسی لە کێشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆیان و پارتی کرێکارانی کوردستان کرد لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ناوبراو، وێرای ئاماژە بە دیالۆگ و هەوڵی بەردەوام بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە، ڕەتی کردەوە پێشمەرگەکانیان لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە گەمارۆ درابن. ئەو بەڵام دەستنیشانی کرد کە "لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەی پێشمەرگەکانمان هێزەکانی پەکەکەی لێیە".
جەهانگیری ڕوونی کردەوە کە حیزبەکەی هەرچەشنە کردەوەیەکی توندوتیژی بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە ڕەت دەکاتەوە بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر پەکەکە "نەهێڵن خەباتکارانی ڕۆژهەڵات بچنە ناوخۆی وڵات و خەبات بکەن، ئیتر ئێمەش تەسلیمی ئەو فشارە نابین."
سازدانی: کەریم مەرەسەنە
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: کۆمەڵێک پێشمەرگەی ئێوە چوونەتە ناوچەی کێلەشین کە هەرێمی ژێر دەستەڵاتی پەکەکە ـ یە و ئەمەش بە گوێرەی هەندێ مێدیا کێشەی لێکەوتووەتەوە. ئەو پێشمەرگانەی ئێوە کەی چوون بۆ ئەو شوێنە و بە چ مەبەستێک چوون؟
ڕۆستەم جەهانگیری: ئێمە مەعموولەن ساڵانە هێزێک بەڕێ دەکەین بۆ ئەو سەر سنوورانە، پێشمەرگە دەچن، سەردان دەکەن، جاری وایە بە سەیران دەچن، جاری وایە بۆ کاری تەشکیلاتی و ئەوانە دەچن.
ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵانی دیکە ئەو هێزەمان چووەتە ئەوێ، بەڵام ساڵانی پێشوو قەت کێشە نەبووە و ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی دیکە ـ نازانم بۆچی و لەبەر چی ـ بەبێ هیچ شتێکی ڕاگەیەنراو لەناکاو تووشی ئەو موشکلەیە هاتین. کە تووش هاتین یەکسەر لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکەیان کە لە هەولێرە، دەستمان کرد بە پەیوەندەیگرتن لەگەڵ هاوڕێیانی کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە. داوای دیدارمان کرد، داوامان کرد هاوڕێیانمان لە ئاستی دەفتەری سیاسیدا بچن لە ماڵەکەی هاوڕێیاندا کۆ ببنەوە، بەڵام ئەوەی ڕاست بێ هیچ جوابێکیان نەداوینەوە، یانی جوابێکی وایان نەداوینەوە کە بڵێن فەرموون دادەنیشین، بڵێن یان ئێمە دێینە لای ئێوە یان ئێوە وەرنە لای ئێمە نەبووە. گوتبوویان دانیشتن نابێ تا ئەو نەفەراتانەی ئێوە نەگەڕێنەوە.
ئێمە ساڵانە تیمەکانمان هەر دەبێ بچنە سەر سنوورەکان، دەچین پەیوەندی دەگرین، کاروباری تەشکیلاتی دەکەین، کاری تەبلیغاتی دەکەین. ئەو شتانە بۆخۆت دەزانی بۆ هەر حیزبێک خەباتە کە دەبێ هەر بیکەی. شێوەکەشی ئەوەیە کە ئێمە دەخالەت لە کاروباری ئەواندا ناکەین...
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئایا دەتەوێ بڵێی کە مەبەست لەم چوونە تەنیا کاری تەشکیلاتی و ئەوانە بووە یان بە مەبەستی کردنەوەی بنکە بووە؟ چوونکا ئەوەندەی ئێمە زانیومانە هاوڕێیانی ئێوە لەو شوێنە بنکەیان کردۆتەوە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: نا، بنکە نییە، یانی ئێمە لەسەر ئەوە ساغ نەبووینەتەوە ژە بنکەی داییمی لەو شوێنە بکەینەوە، ئەگەر قەراریش بێ ڕۆژێک لەوێ بنکە دابنێین، حەتمەن لەگەڵ ئەوانیش مەشوەرەت دەکەین. ئێمە ساڵانی ڕابردووش هەر لەو شوێنەی کە ئێستە ئەو کێشەیەی لەسەرە، بە ساڵاهی ساڵ مقەڕاتمان لەوێ هەبووە، ژمارەیەکی زۆر گۆڕی شەهیدەکانمان لەوێیە، هێزی کێلەشین و ئاگری و هەتا قەندیلیش دەهاتن لەوێ دەمانەوە... یانی ئەو شوێنە مەنتەقەی ئەحزابە، لە ئەسڵدا دەکرێ بڵێی ماڵی هەموو ئەو حیزبانە بووە کە لە شۆڕشدا بوون. لەوێ حیزبی شیوعیی لێبووە، پارتیی لێبووە، پاسۆکی لێبوو، دێموکڕاتی لێبوو... هەموو حیزبێکی لێبوو و هەمووشیان هەتا ئەگەر ئیختلافیشیان هەبووبێ لەو شوێنە حاڵەتێکی ئارامشیان دروست کردووە.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: بەڵێ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک مێدیا ـ هەرچەند تەنیا وەک قسەی پشتڕاست نەکراوە ـ باس لەوە دەکرێ کە گۆیا دەبێ پێشمەرگەکانی ئێوە لەو شوێنە گومارۆ درابن و هەردوولا دەست لەسەر پەلاپیتکە بەرامبەر یەک ڕاوەستابن و لەم جۆرە شتانە... ئەمە چەندەی ڕاستە؟ گەلۆ بە ڕاستی شتەکە بەمجۆرەیە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: وەک چەک کێشان و گەمارۆدران نا، یانی دەتوانین بڵێین ئەو پێشمەرگانەی ئێمە گەمارۆ نەدراون، بەڵام ئەو شوێنەی کە ئێستا ئەوانی لێیە، لەسەر ڕێگای هاتنەوەیان هێزی پەکەکە ـەی لێیە، ئەو شوێنە نوختەی سفرە، ئێ لە نوختەی سفریش ئێرانییەکانی لێیە، بە کورتی ئەو مەسەلە هەیە، یانی گەمارۆکە بەو شێوەیە بەڵام ئەوەی کە فشار دێنن کە دەبێ چۆڵی بکەن ئەوە ڕاستە.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئێمە زانیومانە کە هاوڕێیانی ئێوە لەو شوێنە بنکەی گوومرکیان کردووەتەوە، گەلۆ شتێکی وا هەیە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: دەزانی مەسەلەی گوومرک و کۆکردنەوەی یارمەتی شتێک نییە کە بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ئەو مەسەلە بیری لێبکرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێ. مەعموولەن هەر حیزبێک کە دەچێ بۆ خەبات و شت پێویستی بە کژاروباری ماڵییش دەبێ، ئەمە لەگەڵ هەموو کارەکانی دیکەشیدا، بەڵام ئەوەی کە داماننابێ گوومرک وەربگرین ئەوە لە خاکی ئێراندا و لەسەر سنووری ئێران دەیکەین. بەڵام هەتا ئێستا ئەوەمان نەکردووە.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: یەک شتی دیکە هەیە، ماوەیەک لەوەپێش کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئێوە و پارتی دێموکراتی باشووردا بووە. دەمەوێ بپرسم داخوا ناردنی ئەو پێشمەرگانە بۆ سەر سنوور هیچ پەیوەندیی بەو کۆبوونەوەوە هەیە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: دەزانی ئەمن ئەوە هێندێک وەک تەوهین بە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەزانم، حیزبێک کە حەفتا ساڵە خەبات دەکات هێندێک کەس پێیان وایە سەر بە لایەنێکە، یان دەبێ حەتمەن پەیڕەوی لە جیهەتێک بکات. بەڵام ئێمە پەیڕەوی لە هیچ جیهەتێک ناکەین. ئەگەر وابێ ئێمە پارەکانێ چووینە خزمەت کاک جەمیل بایک و لەگەڵ هەیئەتێکی پایەبەرزی کۆنسەی سەرۆکایەتی دانیشتین، سکرتێری حیزب بوو و ئەمنیش لە خزمەتیاندا چووم. یانی ئێمە ئەودەمی سەر بە جیهەتی پەکەکە بووین؟ سبەینێ لەگەڵ کەسێکی دیکە کۆدەبینەوە، یانی ئەوجار سەر بەوانین ... حەفتەیەک پێش هەیئەتی پارتی دێموکرات هەیئەتی یەکێتیی نیشتیمانیش لای ئێمە بوون ...
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: هەڵبەتە مەبەست لەو پرسیارە ئەوە نییە کە بڵێم ئێوە سەر بە فڵان یان فیسارن. ئێمە دەزانین کە ئێوە و باقیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، وەک بۆخۆشتان چەندین جار ڕاتانگەیاندووە، "لەبەر پاراستنی ئەزموونی باشوور" دەستتان لە هەندێ شێوازی خەبات ڕاگرتووە...
ڕۆستەم جەهانگیری: لەو دانیشتنانەدا، چ لەگەڵ هاوڕێیانی یەکێتیی نیشتیمانی و چ لەگەڵ هاوڕێیانی پارتی دێموکراتی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک ئەو باسانە نەکراوە، من ئەوە بە تەواوی ڕەت دەکەمەوە. ئێمە گەلێک پێش ئەو دیدارانە هێزەکەی ئێمە لەوێ بوونە...
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئەدی باسی ئەوەش نەکراوە کە بڵێی حیزبی دێموکرات و باقیی حیزبەکان بگەنە بڕیارێک کە ئەو شێوازانەی خەبات دەست پێ بکەنەوە کە لە بیست و چەند ساڵی ڕابردوودا ڕاتانگرتووە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: ئێمە بڕیارمان داوە کە بە شێوەیەک گۆڕانکاری بەسەر خەباتدا بێنین، بەجۆرێک کە چالاکتری بکەین کە نە حەساسیەتێک بۆ باشوور دروست بێ نە زیان بەهیچ لایەنێکی دیکە بگەیەنێ. بەڵام ئەوەی کە بڵێی خەباتی چەکداری دەست پێبکەینەوە نا، ئێمە شوعارەکەمان دیارە، ئەویش ئەوەیە کە لە هەموو شێوازەکانی خەبات ئیستیفادە دەکەین، هەوڵیشمان دوورخستنەوەی خەباتە لە شەڕی چەکداری، مەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، ئەگەریش هێرشمان بکرێتە سەر ئەوا هەقی دیفاع بۆ هەموو لایەک هەیە، دەنا وەکی دیکە نەزەرمان نییە لە شەڕایەتی ئێستادا خەباتی چەکداری بکەین.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئەدی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کۆبوونەوەتان لەگەڵ شوێنی دیکە، یان ئەحزابی دیکە نەبووە لەو پێوەندییەدا؟
ڕۆستەم جەهانگیری: ئێمە مەعموولەن ڕۆژانە پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ ئەحزابەکان، لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژئاوا، ئەوانەی باکوور و باشوور، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ یەک ـ دوو حیزبی باکووری دانیشتووین. دانیشتن ڕۆژانە هەر هەیە... حیزبەکان، دەگەڵ ئەوەدا کە کاری سیاسی و ڕێکخستنی و ئەوانە دەکەن، یەکێک لە کارەکانی دیکەیان پەیوەندییە لەگەڵ ئەحزابی سیاسیی دیکە. ئێمە هەموو ئەحزابی کورد بە هاوپەیمان و برای خۆمان دەزانین و هەر چەشنە ئیختیلافێک[کێشە، نالێکیی سەلیقە] کە تەشەننوج[ئاڵۆزی، لێکهەڵبەزینەوە] بێنێتە گۆڕێ مەحکوومی دەکەین و لەگەڵیدا نین.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: یەک بابەتی دیکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی جیرانی خۆی و هەتا لە وڵاتانی وەک لوبنان و یەمەن و... بە شێوەیەکی نیابەتی هەندێ شەڕ بەڕێوە دەبا، خەریکە ئاگای لە بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی. لە بەرامبەر ئەوەدا هەندێ وڵاتی دیکەی وەک عەرەبستان و تورکیا و ئەوانەی لە بەرەی سووننەی کێشە مەزهەبی و سیاسییەکاندان، لەوانەیە ئێستا بەو ئەنجامە گەیشتبن کە ئەوانیش دەبێ یارمەتیی نەیارانی ئێران بدەن. گەلۆ لەو پێوەندییەدا هیچکام لەو وڵاتانە داوایان لە ئێوە کردووە کە کوورەی خەبات گەرمتر بکەن و ئەوانیش یارمەتیتان بدەن؟ یان بە پێچەوانەوە ئێوە داواتان لە هیچ وڵاتێک کردووە لەو پێوەندییەدا هاوکاریتان بکەن؟
ڕۆستەم جەهانگیری: ئێمە لەمێژە سیاسەتمان ڕوونە، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ـ ئەو وڵاتانەی کە هەتا کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە ـ تەنیا بە مەرجێک دروست دەبێ کە زیان بە شۆڕشگێڕانی ئەو ناوچە، بە مەرجێک زیان بە پرسە نەتەوەییەکانی ئەو بەشەی کوردستان نەگەیەنێ. بەڵام هەتا ئێستا هیچکام لەو وڵاتانە پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە نەگرتووە. هەڵبەت ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێ وڵات هەیە، بەڵام تەنیا لە سەتحی کۆنسولگەری و ئەوانەدا، وەکی دیکە نەخێر شتێکی ئاوا هەتا ئێستا لەگۆڕێدا نەبووە.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئاخر ئەمن زانیومە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا کۆبوونەوەیەک بووە لە کۆنسولگەریی تورکیا کە ئێوە و تەنانەت هاوڕێیانی پێشووشتانی تێدا بەشدار بووە ـ جا یان هەر کەس بە تەنیا یانیش هەردووکتان بە یەکەوە. زانیارییەکە ئەوەیە کە کۆنسولگەریی تورکیا دەبێ ئێوەی بانگهیشت کردبێ بۆ میوانی و کۆبوونەوە لەگەڵتان.
ڕۆستەم جەهانگیری: نا نا، شتی وا نەبووە. ئێمە ئەوە بە تەواوی ڕەت دەکەینەوە. دیارە ئێمە وەک دانیشتن دانیشتووین بەڵام ئەوەی کە بڵێی لەگەڵ ئەحزابی دیکە پێکەوە چووبین بۆ دانیشتن وا نەبووە، یانی تەوافوقێکی وا لە بەینی ئەحزابەکاندا نییە کە پێکەوە بچین لەگەڵ تورکیا دابنیشین...
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئەگەر بۆ نموونە تورکیا پێشنیار بە ئێوە بکا کە یارمەتیتان بدا لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گەلۆ مەرجی ئێوە ئەوە دەبێ کە ئەو یارمەتییە نابێ زیان بە کوردەکانی باکوور بگەیەنێ؟
ڕۆستەم جەهانگیری: لە سیوحەوت ساڵی ڕابردووی شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، نزیک بە بیست ساڵی کە خەباتی چەکداریمان هەبووە لەسەر سنوورەکانی کوردستانی ئێران و باکوور کە دەکەوێتە سەر بەشی تورکیا، تورکیا هەمیشە داوایەکی دەکرد کە هاوکاریی لەگەڵدا بکەین بەڵام ئێمە ئەوەمان ڕەت کردۆتەوە. ئەگەر ڕۆژێک ئەو مەدارک و سەنەدانەی دەزگای موخابەراتیی تورکیا وەدەرکەون مەعلووم دەبێ داخوا حیزبی دێموکرات پەیوەندیی لەسەر ئەو حیسابە گرتووە یان نا. هەمیشە ئەوەی تورکیا ویستوویەتی حیزبی دێموکرات نەیکردووە، بۆیەش قەت پەیوەندییەکان نەگەیشتوونە ئاستێک کە تەنانەت نوێنەرایەتییەک لە یەکێک لە گوند یان شارەکانی سەر سنووری کوردستانی باکوور بکرێتەوە، چوونکا ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەوەمان قبووڵ نەکردووە کە پەیوەندیی ئێمە زیان بە کوردەکانی ئەوێ بگەیەنێ و قبووڵیشی ناکەین. سبەینێ ئەگەر تورکیا بیهەوێ لەگەڵ ئێمە پەیوەندی دروست بکات ئێمە ڕەتی ناکەینەوە بەڵام پەیوەندییەک کە زیان بە براکانمان لە باکوور نەگەیەنێ، ئەگەر بیگەیەنێ ئێمە بە خیانەتی دەزانین و نایکەین.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئێمە دەزانین کە پەکەکە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستێکدا پەیوەندییان هەیە، گەلۆ ئێوە وەک حیزب پێتان وایە ئەو پەیوەندییە زیانی بە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات یان حیزبی ئێوە گەیاندبێ؟
ڕۆستەم جەهانگیری: بەڵێ ئێمە دەزانین کە پەیوەندییان هەیە، بەڵام ئایا ئەمە زیانی بە کوردستانی ڕۆژهەڵات گەیاندووە یان نا؟ ئەمن چوونکا مەدرەک و سەنەدێکم لە دەستدا نییە ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارەت بدەمەوە.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: یانی نە دەڵێی گەیاندوویەتی و نە دەڵێی نەیگەیاندووە...
ڕۆستەم جەهانگیری: ناتوانم وەڵام بدەمەوە، ناڵێم گەیاندووە یان نەگەیاندووە، چوونکا بەڵگەم لە دەستدا نییە. ئەگەر بڵێم گەیاندووە دەبێ بە بەڵگەوە بیسەلمێنم، ئەگەر بشڵێم نەگەیاندووە هەر دەبێ بە بەڵگەوە بیسەلمێنم، من وەک کەسێکی سیاسی ناتوانم بێ بەڵگە قسە بکەم. هەر باشتر وایە ئەو پرسیارە لە برادەرانی پەکەکە یان ئەو ئەحزابە بکرێ کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەوە ئەوانن کە دەزانن چەندە دەتوانن ئەو شتانە تێپەڕێنن. بەڵام من دەزانم ئێران وڵاتێکە کە نان بە قەرز بە هیچ کەس نادا.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: یانی پێتوایە پەکەکە ناچار بووبێ لەبەرامبەر ئەو پەیوەندییەیدا لەگەڵ ئێران شتێک بداتەوە بە ئێران کە زیان بە ئێوە یان حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بگەیەنێ؟
ڕۆستەم جەهانگیری: نازانم، ئەمن ناتوانم ئەوە بڵێم، چوونکا هیچ بەڵگەیەکم لە دەستدا نییە.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئێمە دەزانین کە حیزبەکانی باشووری کوردستان یان بڵێین دەستەڵات لەوێ، کە لە ساڵانی ڕابردوودا یارمەتیی ئێوەی دەدا، ئێستا ماوەیەکە بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو یارمەتییەی بڕیوە. گەلۆ ئەم بودجەبڕانە کێشەی بۆ ئێوەش دروست نەکردووە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: دروست بووە، چۆن دروست نەبووە. هەڵبەت ئەو کۆمەک و یارمەتییە کە ئەوان دەیاندا بە ئێمە، لەسەدا دەی ئەو خەرجە بوو کە بۆ خەرجی حیزبێک پێویست بوو، ئێمەی تەئمین نەدەکرد، بەڵام بەهەر حاڵ یارمەتییەک بوو و ئێستا ئێمەی تووشی قەیرانی ماڵی کردووە، ئەوەی کە دەزگای ڕاگەیاندنمان داخرا مەسەلەکە ماڵی بوو نە شتێکی دیکە. بۆیە ئێمەش لە فکر داین کە ڕێگا دیکە پەیدا بکەین، وا کە هەم چالاکتر بین و هەمیش بتوانین دەستمان بە خەڵکەکەمان ڕابگات بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی دەنگی خۆمان و خەباتی خۆمان بە خەڵک.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: کەوایە دەکرێ بڵێین ئەو سەفەری هاوڕێیانی ئێوە لەو پێوەندییەدا بووە ...
ڕۆستەم جەهانگیری: خەباتەکەمان خەباتێکی گشتییە، ئێمە هەم خەباتی سیاسی دەکەین هەم خەباتی تەبلیغاتی و تەشکیلاتی، لەو چوارچێوەیەدا خەباتی ماڵیش دەکەین. یانی ئێمە ئەوە لە ڕێگای تەشکیلاتی ناوخۆشەوە دەکەین و لە ڕێگای تەشکیلاتی ئاشکراشەوە. وەک هەموو ئەحزابێکی دیکە، خۆ ئەحزاب ئەگەر بە قەولی کورد دەڵێ لەسەر گیرفانی میللەتەکەی نەبێ لەسەر کوێ دەبێ، مەگەر ئەحزابێک کە لە حاکمیەتدا بن یان دەست بۆ هەندێ کاری نامەشرووع ببەن کە ئەمن ئەوە لە ئەحزابی ڕۆژهەڵاتدا بڕێک بە دوور دەبینم.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: حەز دەکەم قسەیەکیش لەو شەڕە قسە مەیلەو توندە بکەین کە ئەندامانی هەردوولاتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیکەن و هەندێ جار بۆنی شەڕی ناوخۆیی لێدێ. هەندێ کەس، بە تایبەت هەندێ ئەکاونتی بێ ناسنامە و بە ناوی خوازراو بە جۆرێک ئاگری ئەم کێشەیە باوەشێن دەکەن کە وەک بڵێی حەزیان بە دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆیی بێ، ئێوە چۆن لەو بابەتە دەڕوانن و قسەتان بۆ ئەوانە چییە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: ئێمە هەموو زمانێکی تیژ، هەموو قسەیەک کە ئیختیلاف یان دووبەرەکی دروست بکات، یان هەر شتێک کە وەزعەکە بەرەو شەڕێکی خودای نەکردە ناوخۆیی بەرێ بە تەواوی مەحکوومی دەکەین. ئەوە لەژێر هەر ناوێکدا بێ، لەژێر هەر بیانوویەکدا بێ، شەڕی ناوخۆیی مەحکوومە و ئێمە نایکەین، شەڕی ناوخۆیی خەتی سوورە، ئەوە سیاسەتی حیزبەکەمانە، بەڵام ئیدی دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەگەر مەنزوور ئەوە بێ کە نەهێڵن خەباتکارانی ڕۆژهەڵات بچنە ناوخۆی وڵات و خەبات بکەن، ئیتر ئێمەش تەسلیمی ئەو فشارە نابین. هەر ئەوەش بە خۆمان ڕەوا نابینین کە سبەینێ بە حیزبێکی باکووری یان یەکێک لە پارچەکان بڵێین ئەوە مەکەن و ئەوە بکەن. ئەوانە ئێمە بە تەواوی مەحکووم دەکەین.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئایا پەکەکە ڕێگای لە ئێوە گرتووە کە بچنە ناوخۆ؟
ڕۆستەم جەهانگیری: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدا ئەوەیە، یانی ئێمە پەکەکە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ بە حیزبێکی هاوپەیمان دەناسین، بە حیزبێکی دۆست و برا، ئەوە بۆچوونی حیزبی ئێمەیە. پەکەکە یەکێک لەو حیزبە سەرەکیانەیی کوردستانی گەورەیە کە ڕۆڵی هەیە، بە قەولی کوردەواریی خۆمان لە باکوور پشکی شێری بەبەر کەوتووە، هەقی خۆشیەتی بەری کەوێ، بەڵام ئەم حەرەکەتەی ئەوان، ئەم حەرەکەتە‌ی ئێستایان ـ ئەوە بۆچوونی شەخسیی منە ـ ئەوەم بڕێک لەوان بەدوور دەدی.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئاخر ئێمە بۆچوونی ئەوانیشمان وەرگرتووە و ئەوان دەڵێن پێشمەرگەی حدکا ویستوویانە لە نزیک هەڤاڵانی ئێمە گوومرک دانێن، دەەشڵێن ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا کە پێشمەرگەی حدکا چوونەتەوە ناوخۆ هاوکاریمان کردوون و ئێستاش ئەگەر بچنەوە هەر یارمەتییان دەدەین...
ڕۆستەم جەهانگیری: باشە وا دابنێین ئێمە لەوێ بنکە دادەنێین، ئەمە چ زیانێکی بۆ ئەوان هەیە، وا دادەنێین نەخێر لە گرووپێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات قەوماوە و پەنا دەبەنە بەر پەکەکە. هەر لەو شوێنەدا، لە ساڵانی هەشتادا دەیانجار گرووپ و دەستەی ئەوان بە مانگان لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات ماونەتەوە، کۆمەکیان دەکرا. ئێمەش ئەو چاوەروانییەمان لەوان هەبوو، بەڵام ئەوەی ئێمە بچین لەوێ موزاحیمەت بۆ ئەوان دروست بکەین، نا شتێکی وا نەبووە.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: ئاخر ئەوانیش دەڵێن ئەم گرووپە نەهاتوون داوای هاوکاری لە ئێمە بکەن و هەر بێ پرس و ڕا لەگەڵ ئێمە هاتوون بنکەیان کردۆتەوە. ئەوان هەروەها دەڵێن ئەگەر دەیانەوێ بچنەوە ناوخۆی ڕۆژهەڵات ئێمە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین...
ڕۆستەم جەهانگیری: ئەو ەختەی ئێمە داوای دیالۆگ دەکەین مەنزوورمان هەر ئەوەیە، مەنزوورمان ئەوەیە کە پێکەوە دانیشین و بەرنامەڕیزییەک بکەین و بە تەوافوق بگەین. کوێ ئەوان پێیان باشە و کوێ ئێمە پێمان باشە لەسەری ساغ بینەوە، خولاسە بە نوختەیەکی هاوبەش بگەین، نە زیان بەوان بگات نە زیان بە شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی بگات. چوونکا هەر تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نییە خۆ، سبەینێ لەوانەیە ئەحزابەکانی دیکەش بیانەوێ هەمان کار بکەن، لەوانەیە سبەینێ گرووپێکی دیکە لەناوخۆی ڕۆژهەڵات دروست بێ کە دەست بە خەبات بکات و لێی بقەومێت و بێتە چیا. ئێ چیاکانیش لە دەست ئەواندایە، ئەگەر وابێ دەبێ هەماهەنگی بکەن، دیالۆگ بکەن. بەڵام ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە کە داوای دیالۆگ دەکەین تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە. ئێمە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا نامەی ڕەسمیی دەفتەری سیاسیمان بۆیان ناردووە، جاری دیکە داوای دیالۆگمان کردووە، داوامان کردووە بە هیچ شێوەیەک ئەم کێشەیە بەرەو توندوتیژی نەچێ و گوتوومانە بەهەموو شێوەیەک ئێمە کردەوەی توندوتیژی ڕەت دەکەینەوە، هیواداریشمان دەربڕیوە کە ئەوانیش بەو ئاراستەیەدا بڕۆن و کارێک نەکەن کە ئەو ئارامییە تێک بچێ، چووةکا ئێمەش و ئەوانیش دەزانن کە ناوچەکە ناوچەیەکی حەساسە، هەلومەرجی کوردیش حەساسە، بە تایبەتیش هەلومەرجی پەکەکە حەساسترە. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ بزووتنەوەی کورد لە باکوور دەیکیەن.
ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ: گەلۆ ئێوە بەر لە ناردنی هێز بۆ ئەوێ داوای دیالۆگتان کردووە یان دوای ناردنی هێزەکانتان داواتان کردووە؟
ڕۆستەم جەهانگیری: ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا قەت پێویست نەبووە پێشتر قسە لەو شتە بکەین، هەڵبەت ئێمە چاوەڕوان بووین کە ئەوان بێن پێکەوە قسە بکەین، ئیتر داوایان کردووە کادرێکی ئێمە لەوێ ببینن و کادرەکەشمان چووەتە لایان و نەتیجەی قسەکانی داوەتەوە بە ئێمە و ئێمەش یەکسەر وەڵاممان داوەتەوە و گوتوومانە لەگەڵیان دابنیشن و ئێمەش لە هەولێر لەو دوو حەفتەیەدا شەو و ڕۆژ دانیشتنمان هەبووە، دیالۆگمان هەبووە. ئەو ڕابیت بووە لە بەینی ئێمە و کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە دا.


No comments:

Post a Comment